ژوانگه‌ی‌ ئه‌ده‌ب
بابه‌تی‌فه‌رهه‌نگی، ئه‌ده‌بی‌ و هونه‌ری 
لینکی هاوڕێیان
نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رابردووی‌ بگات و به‌رهه‌می‌ ئه‌مڕۆی‌ پێ‌ ره‌نگین بكات، پێویسته‌ له‌ فۆلكلۆر و ده‌قه‌ ره‌سه‌ن و خۆماڵی‌ و نه‌نووسراوه‌كانی‌ بكۆڵێته‌وه‌. حه‌یران وه‌ك به‌شێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ ئه‌م فۆلكلۆره‌ به‌رفراوانه‌ مه‌یدانێكی‌ زۆری‌ بۆ خۆی‌ ته‌رخان كردووه‌.
 
حه‌یران چیه‌؟

 حه‌یران لق و شاخه‌یه‌كی‌ زیندووی‌ ئه‌م فۆلكلۆره‌ ده‌ست لێنه‌ردراوه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌ كه‌ هه‌تا ئێستا كه‌می‌ له‌باره‌وه‌ نووسراوه‌ و بایه‌خێكی‌ ئه‌وتۆی‌ پێنه‌دروه‌، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێ‌ بابه‌تێكی‌ به‌نرخی‌ له‌م چه‌شنه‌ چه‌ندین كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ و تۆكمه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بنووسرێ‌ و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ ئۆگرانی‌ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری‌ ره‌سه‌نی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ جگه‌له‌ هێندێ‌ هه‌وڵ له‌ بواری‌ كۆكردنه‌وه‌ و چه‌ند هه‌وڵێكی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌  شتێكی‌ تر شك نابه‌ین. حه‌یران جۆرێكه‌ له‌ ئاوازی‌ كوردی‌، به‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین و به‌ ئای‌ ئایه‌كی‌ پڕ له‌ گه‌رووه‌ ده‌گوترێ‌ و له‌ چه‌ند رسته‌یه‌كی‌ كورت پێكدێ‌ كه‌ تێیایدا هه‌ست به‌ ئه‌وینێكی‌ گه‌رم و پڕ له‌ كوڵ ده‌كرێ‌. حه‌یران، هه‌ستی‌ عاشق ( كه‌ زۆر جار حه‌یران بێژه‌كه‌ خۆیه‌تی‌ ) به‌رامبه‌ر ئه‌وینه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌بڕی‌، یان باس له‌ رووداو و به‌سه‌رهاتێك ده‌كات. حه‌یران هه‌ستێكی‌ برووسكه‌ ئاسا به‌ ده‌ماره‌كانی‌ مرۆڤی‌ گوێگردا سه‌رده‌كات و ده‌یهه‌ژێنێ‌.
 زۆر كه‌س له‌وانه‌ی‌ له‌ حه‌یران دواون و هه‌روه‌ها گوێگرانی‌ حه‌یرانیش، حه‌یران به‌ ئاوازێكی‌ فۆلكلۆر تێده‌گه‌ن. كه‌ به‌ڕای‌ زۆر كه‌س ئه‌مه‌ زۆر راست نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ر حه‌یرانبێژێك حه‌یرانی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و به‌ نازداری‌ خۆیدا هه‌ڵده‌ڵێ‌، یان باسی‌ رووداو و به‌سه‌رهات و كاره‌ساتێك ده‌كات كه‌ یان به‌سه‌ر خۆی‌ هاتووه‌ و یان له‌ ناوچه‌و و ده‌ڤه‌ر و شوێنی‌ ژیانی‌ ئه‌و رووی‌ داوه‌ یان بۆیان گێڕاوه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ له‌ حه‌یرانبێژان حه‌یران له‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌ وه‌ربگرن و بێڵێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌و جۆره‌ ئاوازانه‌یه‌ وه‌كوو ده‌قه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ فۆلكلۆر ده‌ماوده‌م ناكرێن و له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی‌ تر ناگوازرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ پێناسه‌ی‌ فۆلكلۆره‌ كه‌ ده‌ماوده‌م ده‌كات و له‌ زارێكه‌وه‌ ده‌په‌ڕێته‌ زارێكی‌ تر.  هه‌ر حه‌یرانێكیش باس و به‌سه‌رهاتی‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌و حه‌یرانبێژه‌یه‌ كه‌تێیایدا ژیاوه‌ یان پێیایدا تێپه‌ڕیوه‌، كه‌ ده‌توانین بڵێن حه‌یران دێكۆمێنتاری‌ زیندووی‌ پڕ له‌ رووداو و تراژیدیا و به‌سه‌رهاتی‌ ئه‌وینداری‌ و قاره‌مانه‌تی‌ و حیماسه‌ و به‌رخودانی‌ پڕ خولیای‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ و ناوه‌رۆك و شێوازی‌ ده‌بڕینی‌ جۆره‌كانی‌ حه‌یرانی‌ ناوچه‌ جیاجیاكان جیا له‌ لێكچوون جیاوازیشیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌ له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ ناپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ تر.  گۆرانی‌ و ئاوازه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كورده‌واری‌ زۆربه‌ی‌ زۆریان جگه‌ له‌و تێكست و هۆنراوانه‌ی‌ كه‌ ناوێ‌ شوێن و ده‌ڤه‌ره‌كانیان له‌گه‌ڵه‌ هه‌ر نازانرێ‌ له‌ كوێ‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌. گۆرانیی‌ هه‌ڵپه‌ڕكیی‌ به‌زم و گۆڤه‌ند، یان لاوك له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ ناوچه‌كاندا دێن و ده‌چن و له‌ هه‌ر شوێنێكدا مۆركی‌ شێوه‌زار و ئاخاوتنی‌ ناوچه‌یی‌ به‌سه‌ریاندا زاڵه‌ و له‌ یه‌كتر جیا ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام زێدی‌ سه‌رهه‌ڵدانیان ده‌ست نیشان ناكرێ‌، مه‌گه‌ر مێژوو پێمان بڵێ‌ ئه‌و رووداوه‌ له‌ فڵانه‌ شوێن رووی‌ داوه‌. بۆیه‌ ده‌بی‌چ حه‌یران بچێته‌ خانه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ سامانه‌ گشتی‌ و نه‌مره‌ی‌ كه‌ پێی‌ ده‌وتری‌ ( میللی‌ ). ئه‌مه‌ش هه‌ر سامانێكی‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندیی‌ كه‌له‌پووری‌ كورد ده‌گه‌یه‌نێ‌.
 
سه‌رهه‌ڵدانی‌ حه‌یران:
 
حه‌یران له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی‌ شێوه‌ ژیانی‌ كۆچه‌ری‌ و گه‌رمیان و كوێستان كردنی‌ مه‌ڕدار و ئاژه‌ڵداران. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ژیانی‌ نیوه‌ كۆچه‌ری‌ و نیوه‌ دێمانی‌ ( گوندنشینی‌ و مانه‌وه‌ له‌ گوند )دا ده‌ژیان. له‌ نیوه‌ی‌ به‌هاره‌وه‌ له‌ ده‌شته‌ گه‌رمێنه‌كانه‌وه‌ به‌ خۆیان و به‌ په‌ز و مه‌ڕو ماڵاتیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی‌ وه‌رزی‌ به‌هاردا به‌روژوور هه‌ڵده‌كشان و پێ‌ به‌ پێ‌ له‌گه‌ڵی‌ ده‌ڕۆیشتن هه‌تا به‌هاریان له‌ هه‌موو شوێنێك ته‌واو ده‌ركرد، ئه‌وجار له‌ نلوه‌ڕاستی‌ هاوین به‌ دواوه‌ به‌ره‌و ژێر ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و ده‌ستیان له‌ ژیانی‌ كۆچه‌رایه‌تی‌ و ره‌شماڵ نشینی‌ هه‌ڵده‌گرت و پاییز و زستانی‌ داهاتوویان به‌ نیشته‌جێ‌ بوون له‌ خانوو و گونده‌كان به‌سه‌ر ده‌برد.
 حه‌یران به‌ گشتی‌ دوو جۆره‌، جۆرێكیان ناوی‌ نراوه‌ (( سه‌رچیایی‌ ))، كه‌ له‌مه‌یاندا حه‌یرانبێژ به‌ هه‌موو توانایه‌كی‌ گه‌روو ده‌چریكێنێ‌ و تێ‌ هه‌ڵده‌كا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاتێ‌ كه‌ به‌ڕێوه‌ن و له‌ كۆچ دان ده‌نگی‌ بگات به‌ گوێی‌ خه‌ڵكه‌كه‌، یان له‌ هۆبه‌ و ره‌شماڵه‌كاندا كه‌ دوور له‌ یه‌كتر هه‌ڵده‌دران و خه‌ڵكه‌كه‌ پرژ و بڵاو له‌ یه‌كتر كاریان ده‌كرد یان پشوویان ده‌دا. دیاره‌ ئه‌مجۆره‌ له‌ حه‌یران زیاتر له‌ كۆچ و كۆچباری‌ و كاتی‌ گه‌رمیان و كوێستان كردندا گوتراوه‌. دوور نیه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌وینه‌ گه‌رم و گوڕه‌كان له‌مه‌یاندا هاتبێته‌ سه‌رزاری‌ شوان و مه‌ڕ له‌وه‌ڕین و سه‌پانه‌كان و ئه‌وانه‌ی‌ حه‌یرانیان چڕیوه‌و به‌ ته‌نیا له‌ ده‌شت و كه‌ژانه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و گڕی‌ ئه‌وین و گراوه‌كانیان به‌ حه‌یرانی‌ ( سه‌رچیایی‌ ) و ده‌ن گ هه‌ڵبڕین و هاوار و ناڵه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ربڕیبێ‌.
 جۆره‌كه‌ی‌ تری‌ حه‌یران كه‌ ناویان ناوه‌ ( مه‌جلیسی‌ ))، له‌ ماڵان و له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی‌ به‌گزاده‌ و پیاو ماقووڵان، یان دیوه‌خانی‌  ئاغا و كوێخا و سه‌رۆك و هۆز و خێڵه‌كانی‌ كورددا به‌ ده‌نگێكی‌ نه‌رم و هێورتر گوتراوه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و حه‌یران بێژانه‌ی‌ كه‌ ده‌نگیان خۆشه‌، گه‌روویان گونجاوه‌ بۆ وتنی‌ هه‌ر دوو جۆره‌ ئاوازه‌كه‌، به‌ڵام له‌وانه‌شه‌ هێندێكیان هه‌ر جۆری‌ مه‌جلیسیان به‌ لاوه‌ په‌سند و گونجاو بووبێ‌، به‌ تایبه‌تی‌ هێندێك له‌و حه‌یرانبێژانه‌ كه‌ پیاوی‌ ناسراو و به‌ناوبانگ بوونه‌ و شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ بوون كه‌ له‌ناو جڤات و كۆڕی‌ پیاواندا دانیشن و گه‌رمیی‌ ژیان و ئه‌وین و به‌سه‌رهات و رووداوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و قاره‌مانه‌تییه‌كان به‌رده‌نه‌ ناو دڵی‌ دانیشتوان و ده‌روون و ناخیان بهێننه‌ جۆش. هه‌ڵبه‌ت نابێ‌ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ‌ كه‌ حه‌یرانیش چه‌شنی‌ سیاچه‌مانه‌ی‌ هه‌ورامان ته‌نیا له‌ پاوانی‌ پیاواندا نه‌بووه‌ و له‌ناو كورددا زۆر ژنی‌ ده‌نگخۆش و بوێر هه‌بوون كه‌ حه‌یرانیان گوتووه‌، وه‌كوو مه‌نیج حه‌یران، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ پرسه‌ و تازییه‌كاندا كه‌ به‌ كه‌سانی‌ كۆچ كردوویان هڵداوه‌ و به‌ حه‌یرانیان شین و شه‌پۆڕ و گریانیان بۆ كردوون و كۆڕی‌ گریان و فرمێسك باراندنیان بۆ گه‌رم كردوون. گوێگری‌ حه‌یران سه‌رند ده‌دات، حه‌یرانبێژ زۆر جار كتومت وه‌ك گه‌واڵه‌ی‌ هه‌وری‌ به‌هاران وایه‌ وه‌ك چۆن له‌ جێگه‌یه‌كه‌وه‌ شریخه‌ و گرمه‌ی‌ لێ‌ هه‌ڵده‌ستێ‌ و ده‌ست پێده‌كات و به‌ڕێوه‌ به‌ره‌و باكوور نمه‌ بارانێك ده‌بارێنێ‌، به‌ڵام ره‌هێڵه‌ و رێژنه‌ به‌خوڕ و تاوه‌كه‌ له‌ شوێنێكی‌ زۆر دوور ده‌بارێت. هێدێك جار حه‌یرانبێژیش واده‌كات، ده‌سپێكی‌ چڕینه‌كه‌ی‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ ده‌ڕوا هه‌تا ده‌گاته‌ شوێنێكی‌ دوور، خۆشی‌ و بزه‌ و سه‌رسامییه‌ك به‌ گوێگره‌كه‌ی‌ ده‌به‌خشێ‌ و گه‌لێك جار له‌ كۆڕ و دانیشتنان (( ئۆو...))یه‌كی‌ دوور و درێژ له‌ ده‌می‌ گویچگره‌وه‌ دێته‌ده‌ر و ئه‌م هونه‌ری‌ حه‌یرانبێژیش شان به‌ شانی‌ هونه‌ر و رووداوه‌ سه‌یره‌كانی‌ سروشته‌. كه‌واته‌ هونه‌ری‌ گۆرانی‌، مێژوویه‌كی‌ دێرین و دوور ودرێژی‌ هه‌یه‌ و سه‌ره‌تای‌ هونه‌ری‌ مۆسیقایه‌.

پێناسه‌ی‌ حه‌یران:  

 وشه‌ی‌ حه‌یران مانای‌ ( سه‌رسووڕماو، سه‌رگه‌ردان و به‌ڵاگێڕ )ده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌له‌وه‌ش واتای‌ جۆره‌ مه‌قامێكی‌ كوردی‌ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌سه‌ر مه‌قامی‌ به‌یات ده‌گوترێت. له‌ زمانی‌ عه‌ره‌بیشدا (( حه‌یران )) له‌ (( الحیر ))ه‌وه‌ هاتووه‌ به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ كه‌سێك له‌ كارێكیدا یان هه‌ڵوێستێكیدا توشی‌ وڕی‌ و گێژی‌ و كاسی‌ بێت و سه‌ری‌ لێ‌ بشێوێ‌، به‌و كه‌سه‌ ( حائر ) یان  ( حه‌یران ) ده‌ڵێن.
 هه‌ر دوو وشه‌ی‌ ( حه‌یران )ی‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بی‌، هه‌ر یه‌كه‌یان وشه‌یه‌كی‌ فه‌رهنگی‌ زمانه‌كی‌ خۆیانن و به‌ندن به‌و زمانه‌وه‌. جۆره‌ لێكچوونێك له‌ نێوان هه‌ر دوو وشه‌كه‌دا هه‌یه‌، زۆر جار حه‌یرانبێژ له‌ دووریی‌ خۆشه‌ویست و گراوه‌كه‌ی‌ و وڕ و گێژ ده‌بێ‌ و كڵپه‌ی‌ ئه‌وین سه‌ری‌ لێ‌ ده‌شێوێنێ‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ هه‌ر دوو وشه‌كه‌ یه‌كن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حه‌یرانه‌ كوردییه‌كه‌ له‌لای‌ كورد بۆته‌ ناوی‌ مه‌قامێك و چه‌كێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ و ئه‌وی‌ لای‌ عه‌ره‌بیش تایبه‌ته‌ به‌ عه‌ره‌ب و له‌ فه‌رهه‌نگی‌ عه‌ره‌بیدا واتای‌ خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ باسمان لێوه‌ كرد. دوكتور مارف خه‌زنه‌دار نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر به‌م شێوه‌ له‌ باره‌ی‌ حه‌یرانه‌وه‌ رای‌ خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌(( حه‌یران بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ شێعریه‌ به‌كار ئه‌هێنرێ‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ كرمانجیی‌ خواروو ( سۆرانی‌ ) هه‌ڵئه‌به‌سترێ‌، زیاتر له‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌ولێر، كۆیه‌، رواندز، مه‌هاباد، سه‌رده‌شت و پیرانشار و به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو خێڵه‌كاندا باوه‌))
 نووسه‌ری‌ كۆچكردوو خالید جووتیا ده‌ڵێ‌: (( حه‌یران پارچه‌ په‌خشانێكی‌ پاراو و ناسكه‌، به‌ زمانێكی‌ ساده‌ی‌ خۆمانه‌ نووسراوه‌، ده‌شێ‌ ( په‌خشانه‌ شێعری‌ ) پێ‌ بگوترێ‌ و ده‌ستوور و رێوشوێنی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌ند و دوابه‌ندی‌ یه‌ك نه‌گرنه‌وه‌ به‌ حه‌یران دانانرێت، حه‌یرانیش به‌شی‌ زۆری‌ دڵداری‌ و وه‌سفه‌، له‌م دوایانه‌شدا هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و چیرۆكی‌ حیماسی‌ و مه‌سه‌له‌ی‌ شه‌ڕ و كاره‌ساته‌كانی‌ له‌ ئامێز گرتووه‌)) هه‌روه‌ها رزگار خوشناو به‌م شیچوه‌ حه‌یران ده‌ناسێنێ‌: (( تایبه‌ت به‌ هێندێ‌ له‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌زاری‌ سۆرانی‌ ده‌ئاخوێن و له‌و هه‌رێمانه‌ بنجی‌ خۆی‌ داكوتاوه‌ و بۆته‌ زمانحاڵی‌ خه‌ڵك وه‌ك: ( ده‌شتی‌ هه‌ولێرـ به‌شێك له‌ خۆشناوه‌تی‌ ـ به‌شێك له‌ هه‌رێمی‌ پشده‌ر و مه‌خموور ). هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: رسته‌كانی‌ حه‌یران ره‌وتی‌ شێعری‌ ته‌واویان نیه‌، كه‌ تێیدا باس له‌ دڵداری‌ و وه‌سف و جوانی‌ و شۆخ و شه‌نگیی‌ ژنان و سیحری‌ سروشت و كه‌لچه‌ر و كه‌له‌پووری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ و له‌ قاڵبێكی‌ ته‌زوو و پڕ له‌ سۆزی‌ خه‌یاڵی‌ و دڵگیری‌ دایه‌ كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ گوێگر ده‌خاته‌ ده‌خاته‌ ده‌ریای‌ خۆشه‌ویستی‌ و كه‌ش و دۆخێكی‌ نوێوه‌)).
 ((ئه‌حمه‌د حه‌یران)) یش له‌ (( دیوانی‌ حه‌یران بێژان ))دا ده‌ڵێ‌: جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی‌ مه‌قام و تایبه‌ته‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، جۆره‌ ئاواز و هه‌ڵبه‌ستێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌. له‌ لادێوه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ و شێوه‌ داڕشتنی‌ زیاتر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر په‌خشانه‌ هۆزان)) چونكه‌ هه‌موو دوا به‌نده‌كانی‌ به‌ یه‌ك سه‌روا ( قافیه‌ ) كۆتایی‌ دێت. به‌ زۆری‌ باسی‌ جوانیی‌ ژن و ئه‌ڤینداری‌ و وه‌سفی‌ سروشت و كه‌مێكیش باسی‌ ستایش و پیاهه‌ڵدان ده‌كات)).
 ( سه‌عدوڵڵا ئیسماعیل شێخانی‌ )  كه‌ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ بایه‌خ به‌م بواره‌ ده‌دات، له‌م باره‌وه‌ گوتویه‌: (( له‌نێو ده‌ریای‌ هونه‌ری‌ گۆرانیی‌ كوردیدا، حه‌یران شه‌قڵێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ له‌ پاڵ مۆركێكی‌ ره‌سه‌نانه‌ی‌ كوردیدا و هه‌رده‌م گۆشكراوی‌ خه‌م و په‌ژاره‌ بووه‌).
 ( نامق هاوكار)یش وا له‌ حه‌یران گه‌یشتووه‌: (( حه‌یران ئه‌و وشه‌ ناسك و پاراوانه‌، ئه‌و وشه‌ پڕ جۆش و خرۆشانه‌، ئه‌و وشه‌ ساده‌ و ده‌روون ته‌زێنانه‌یه‌ كه‌ حه‌یرانبێژ له‌ سه‌ربه‌ند و دوابه‌نددا لێكی‌ ده‌داته‌وه‌ و به‌ سه‌روایه‌كی‌ وه‌كوو یه‌ك ده‌ستی‌ پێده‌كا و كۆتایی‌ پێ‌ دێنێت)). ئه‌و پێناسانه‌ی‌ كه‌ له‌ حه‌یران كران تێگه‌یشتنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ حه‌یرانیان كۆڵیوه‌ته‌وه‌. دیاره‌ چێژ وه‌رگرتن و تێگه‌یشتن له‌لای‌ هه‌ر خوێنه‌ر و نووسه‌ر و گوێگرێك به‌ شێوه‌یه‌كه‌ و چه‌مك و ده‌لاله‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ به‌ جۆرێك له‌ حه‌یران گه‌یشتوون. هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پێناسانه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێگر و خوێنه‌ر به‌ وردی‌ سه‌رنجیان بدات و له‌ چه‌مكی‌ حه‌یران بگات. حه‌یران ئه‌و ئاوازه‌ به‌ سۆزه‌یه‌ كه‌وا له‌ گه‌رووی‌ شمشاڵی‌ شوانه‌كانی‌ كوردستان دێته‌ده‌ر و به‌ سه‌رده‌م و رۆژگارێكی‌ دیكه‌مان ئاشنا ده‌كات كه‌ ئه‌ویش رابردووه‌ به‌ڵگه‌ش بۆ وێنه‌ هونه‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ی‌ شمشاڵژه‌ن ( مام قادر عه‌بدوڵڵازاده‌ ناسراو به‌ قاله‌مه‌ڕه‌یه‌ ). حه‌یران باسی‌ ژیانی‌ ساده‌ و ساكاری‌ كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌ و جوانی‌ و ناسكیی‌ ژن و خۆشه‌ویستیی‌ نێوان كوڕه‌تیمه‌ حه‌یران و كچه‌تیمه‌ حه‌یران و جوانی‌ و رازاوه‌یی‌ سروشتی‌ كوردستان و راو و شكارمان بۆ ده‌كات و سۆزی‌ په‌نگ خواردووی‌ ناخی‌ كوڕه‌تیمه‌ حه‌یرانه‌ و ده‌كوڵێ‌ و هه‌ڵده‌چێ‌. تۆماری‌ ئه‌ڤینه‌ و باس له‌ به‌ مراد نه‌گه‌یشتن و بێوه‌فایی‌ ماڵه‌بابی‌ نازدار حه‌یرانێ‌ له‌ به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویستی‌ و وه‌فاداریی‌ كچه‌تیمه‌حه‌یران و كوڕه‌تیمه‌حه‌یرانی‌ ده‌كات. هه‌ناسه‌یه‌كه‌ بۆن كڕووزی‌ دووری‌ و سۆزداری‌ و توانه‌وه‌ و هه‌ڵقرچان و فه‌نابوونی‌ لێدێ‌، هێندی‌چ جاریش خۆشی‌ و ناخۆشیی‌ نه‌ته‌وه‌ و كاره‌سات و رووداو و نه‌هامه‌تییه‌كان له‌ دووتوێی‌ حه‌یراندا ده‌گونجێنرێن و ده‌بنه‌ تراژیدیا و مۆركی‌ حیماسه‌ و به‌رخودانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد.
 لاوك كه‌ ئه‌ویش له‌ جۆره‌ گۆرانییه‌كانی‌ كورده‌ و به‌ تاكه‌كه‌سی‌ ده‌گوترێ‌، باسی‌ به‌سه‌رهاتی‌ ئه‌ڤین و دڵداری‌ و سووتان و هه‌ڵقرچان و دووری‌ و بێوه‌فایی‌ و كاره‌سات و رووداوی‌ پێوه‌ندیدار به‌ چیرۆك و داستانه‌ دڵدارییه‌كانی‌ كورد ده‌كات و زیاتر له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ به‌ شێوه‌زاری‌ كرمانجیی‌ ژووروو ده‌ئاخوێن باوه‌.
 هه‌ر دوو گۆرانییه‌كه‌ هه‌ست و دڵپاكی‌ و ئیحساس و گه‌وره‌یی‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندیی‌ كورد نیشان ده‌ده‌ن.
 
جۆره‌كانی‌ حه‌یران:
 
بۆ دیاری‌ كردنی‌ جۆره‌كانی‌ حه‌یران هه‌تا ئێستا دوو را له‌ گۆڕێ دایه‌:
 1 ـ دابه‌ش كردن به‌پێی‌ ئه‌و ئاوازه‌ی‌ حه‌یرانی‌ پێ‌ ده‌وترێ‌ ( به‌رزی‌ و نزمی‌ ).
 2 ـ دابه‌ش كردن به‌پێی‌ ناوچه‌، ده‌كرێ‌ حه‌یران بكه‌ین به‌ 3 به‌شه‌وه‌:
 یه‌كه‌م: سه‌رچیایی‌، ( ناوچه‌ی‌ تیره‌ و هۆزی‌ خۆشناوه‌تی‌ ) كه‌ شه‌قڵاوه‌ و هیران و هه‌ریر و سه‌لاحه‌دین ده‌گرێته‌وه‌.
 دووهه‌م: پشده‌ری‌، كه‌ ناوچه‌كانی‌ كۆیه‌ و رانیه‌ و قه‌ڵادزێ‌ ده‌گرێته‌وه‌.
 سێهه‌م: حه‌یرانی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر و موكریان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تیره‌ و هۆزی‌ گه‌ردی‌ و دزه‌یی‌ و شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێران وه‌ك: بۆكان، مه‌هاباد ( مه‌نگوڕایه‌تی‌ )، سه‌رده‌شت و پیرانشار.
 رزگار خۆشناو جۆره‌كانی‌ حه‌یرانی‌ به‌پێی‌ ناوچه‌ دیاری‌ و دابه‌ش كردووه‌، به‌ڵام به‌ڕای‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ مووزیك و گۆرانیی‌ ره‌سه‌ن، حه‌یران به‌پێی‌ ناوچه‌ دیاری‌ ناكرێ‌ به‌ڵكوو به‌پێی‌ شێوه‌ی‌ ده‌ربڕین و گوتنه‌كه‌ دیاری‌ ده‌كرێ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حه‌یرانی‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كان له‌ رووی‌ فۆرم و ناوه‌رۆكه‌وه‌ جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆیان نیه‌ و شێوازی‌ گوتنیش له‌ رووی‌ به‌رزی‌ و نزمییه‌وه‌ ده‌نگی‌ حه‌یرانبێژ دیاری‌ ده‌كرێت.
ئه‌م جۆره‌ دابه‌ش كردنه‌، راست نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ لێك نزیكیی‌ فۆرم و ناوه‌رۆكی‌ حه‌یرانه‌كان، وشه‌و زاراوه‌كانی‌ نێو تێكستی‌ حه‌یرانه‌كانیش هه‌تا راده‌یه‌كی‌ زۆر له‌ یه‌كتری‌ نزیكن. به‌ڵام غه‌فوور مه‌خمووری‌ كه‌ له‌م باره‌وه‌ كتێبێكی‌ نووسیوه‌ ده‌ڵێ‌: به‌ڕای‌ من جۆره‌كانی‌ حه‌یران به‌پێی‌ ئه‌و ئاوازه‌ی‌ حه‌یرانی‌ پێ‌ ده‌وترێ‌دیاری‌ ده‌كرێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ ده‌ردبوونه‌وه‌م له‌ حه‌یران بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ دوو جۆر ده‌گوترێ‌ ئه‌لف: سه‌رچیایی‌ ـ ب: مه‌جلیسی‌، ئه‌م دوو جۆره‌ گوتنه‌ش له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ حه‌یرانیان تێدایه‌ هه‌ن. حه‌یرانبێژی‌ ناوچه‌ی‌ خۆشناوه‌تی‌ یان ده‌شتی‌ قه‌راج یان پشده‌ر به‌م دوو جۆره‌ حه‌یران ده‌ڵێن. به‌ڕای‌ هێندێ‌ له‌ فۆلكلۆرناسان حه‌یران سێ‌ جۆره‌: (( سه‌رچیایی‌ ـ مه‌جلیسی‌ ـ پشتڕێی‌ )) به‌ڵام سروشتی‌ ده‌نگی‌ حه‌یرانبێژه‌كه‌ واده‌كات كه‌وا حه‌یران به‌ دوو جۆر دابه‌ش بكه‌ین.
 ئه‌لف ـ سه‌رچیایی‌: ئه‌م جۆره‌ حه‌یرانه‌ به‌ هه‌وایه‌كی‌ به‌رز ده‌گوترێت و ده‌بێ‌ چینه‌كانی‌ ده‌نگی‌ حه‌یرانبێژه‌كه‌ به‌هێز بن و به‌ ده‌نگێكی‌ به‌رز حه‌یرانه‌كه‌ هه‌ڵبدات، باشترین حه‌یرانبێژ له‌م مه‌یدانه‌دا  خوالێخۆشبوان: (عومه‌ر گاوه‌ره‌یی‌ و حه‌مه‌د به‌گ)ن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج و گوێ‌ بده‌ینه‌ كاسێته‌ تۆمار كراوه‌كانیان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا هه‌تا چ راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنیان وه‌ده‌ستهێناوه‌.
 ب ـ مه‌جلیسی‌: ئه‌م جۆره‌ حه‌یرانه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مه‌جلیسی‌ و دانیشتنی‌ نێو دیوه‌خان و كۆشك و سه‌رای‌ پیاو ماقووڵان و به‌ ده‌نگێكی‌ نزم و له‌سه‌ره‌خۆ ده‌گوترێت، ته‌نیا دانیشتوانی‌ مه‌جلیسه‌كه‌ گوێیان لێ‌ ده‌بێت و باشترین و باشترین حه‌یرانبێژی‌ ئه‌م بواره‌ش ( مام خدر خه‌رابه‌دراوی‌ )یه‌.
 
حه‌یران له‌ رووی‌ فۆرمه‌وه‌:
 
ئه‌گه‌ر وه‌كوو تێكستێكی‌ فۆلكلۆری‌ سه‌یری‌ حه‌یران بكه‌ین، جگه‌له‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی‌، خاوه‌ن فۆرمێكی‌ تایبه‌ت به‌ خۆشیه‌تی‌ كه‌ زیاتر له‌ فۆرمی‌ په‌خشانه‌ شێعر نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ده‌توانین به‌ په‌خشانه‌ شێعریشی‌ دابنێین. رای‌ (ئه‌حمه‌د حه‌یران) ئاوایه‌: (( شێوه‌ی‌ داڕشتنی‌ زیاتر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر په‌خشانه‌ هۆزان)).
 ( خالید جوتیار )یش له‌م باره‌وه‌ وای‌ بۆ ده‌چێ‌: حه‌یران پارچه‌ په‌خشانێكی‌ پاراو و ناسكه‌، به‌ زمانێكی‌ ساده‌ی‌ خۆمانه‌ نووسراوه‌ و ده‌شێ‌ په‌خشانه‌ شێعری‌ پێ‌ بگوترێ‌ و (رزگار خشناو)یش له‌م باره‌وه‌ پێی‌ وایه‌ رسته‌كانی‌ حه‌یران ره‌وتی‌ شیعریی‌ ته‌واو نین.
 تێكڕای‌ ئه‌و رایانه‌ی‌ كه‌ خرانه‌ به‌رباس له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ( حه‌یران په‌خشانه‌ شێعره‌). ئه‌م په‌خشانه‌ شیعره‌ له‌ رووی‌ داڕشتنی‌ وشه‌كانه‌ه‌ هه‌تا راده‌یه‌كی‌ زۆر رسته‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون و وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی‌ زاراوه‌ و شێوه‌ ئاخاوتنی‌ ناوچه‌یی‌ و بن زاراوه‌ و شێوه‌زاری‌ ئاخاوتنی‌ رۆژانه‌ به‌سه‌ریدا زاڵه‌. له‌ رووی‌ سه‌رواوه‌ سێ‌ سه‌روای‌ هه‌یه‌. 1ـ سه‌ربه‌ند 2 ـ ناوبه‌ند 3 ـ دوابه‌ند.
 
حه‌یران له‌ رووی‌ ناوه‌رۆكه‌وه‌:
 
دوای‌ گوێ‌ گرتن له‌ حه‌یرانبێژان و وردبوونه‌وه‌ له‌ تێكستی‌ ئه‌و حه‌یرانانه‌ی‌ كه‌ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ یان به‌ نووسراوه‌ له‌به‌ر ده‌ست دان، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ له‌ رووی‌ ناوه‌رۆكه‌وه‌ ده‌بێ‌ بكرێن به‌ دوو بابه‌ته‌وه‌:
 1 ـ سه‌ره‌كی‌ 2 ـ لاوه‌كی‌:
 ناوه‌رۆكی‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كان بریتین له‌: (( دڵداری‌ ـ سۆزداری‌ ـ ئایینی‌ ـ وه‌سف ـ ده‌ردی‌ دووری‌ )) و ناوه‌رۆكی‌ بابه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كانیش بریتین له‌: (( مێژوو ـ دڵدانه‌وه‌ ـ به‌زم و رابواردن ـ سێكس ـ پێیا هه‌ڵدانی‌ منداڵان ـ ده‌ردی‌ پیری‌ ـ وه‌سیه‌ت و راسپارده‌ ـ شیوه‌ن ...))
 1 ـ  بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كان: مه‌به‌ستمان له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ناوه‌رۆكی‌ حه‌یران ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ وێردی‌ سه‌ر زمانی‌ حه‌یرانبێژان و زۆربه‌ی‌ زۆری‌ تێكسته‌كانی‌ حه‌یران له‌م بابه‌تانه‌ بێبه‌ش نین. (( دڵداری‌ ـ وه‌سف ـ ده‌ردی‌ دووری‌ ـ سۆزدان ـ ئایینی‌ )).
 2 ـ بابه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كان: گه‌لێ‌ بابه‌ت هه‌ن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ لاوه‌كی‌ ناوه‌رۆكی‌ حه‌یران ده‌گرنه‌وه‌، واته‌ بابه‌تی‌ سه‌ره‌كی‌ نین و جارجار حه‌یرانبێژ ئه‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ ده‌چڕێ‌ وه‌كوو: مێژوو ـ وه‌سیه‌ت ـ نائومێدی‌ و ...
 
مه‌ڵبه‌ندی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حه‌یران:
 
له‌م باره‌وه‌ هه‌ر له‌مێژه‌وه‌ وا باو بووه‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حه‌یران ده‌شتی‌ هه‌ولێر و قه‌راج و كه‌ندیناوه‌یه‌ و له‌وێوه‌ په‌لی‌ هاویشتووه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ كوردستان وه‌كوو موكریان، هه‌ڵبه‌ت له‌مه‌ڕ ئه‌م رایه‌ له‌ناو نووسه‌ران و شاره‌زایانی‌ فه‌رهه‌نگ و فۆلكلۆر و تێكست و ده‌قه‌ ره‌سه‌نه‌كان بیروڕای‌ جیاواز هه‌یه‌. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ دشتی‌ هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ حه‌یرانبێژه‌كان خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌ و ده‌ڤه‌رانه‌ن و ناوی‌ ئه‌و شوێن و ناوچانه‌ی‌ نێو ده‌قی‌ حه‌یرانه‌كان هه‌موو هی‌ ئه‌و ده‌شته‌ پان و به‌رینه‌یه‌ و كه‌م حه‌یرانبێژ هه‌یه‌ كه‌ ناوی‌ قه‌راج و كه‌ندیناوه‌ و هه‌ولێر نه‌هێنێ‌. بێجگه‌ له‌مه‌، كاتێك حه‌یرانبێژ ده‌ست به‌ گوتنی‌ حه‌یرانه‌كه‌ی‌ ده‌كات له‌ قه‌راج و مه‌خموور هه‌ڵده‌ستێ‌ و بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕوا هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.
 ( د. مارف خه‌زنه‌دار) ده‌ڵێ‌: یان له‌ موكریان و ده‌وروبه‌ری‌ مه‌هاباده‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ( عه‌زیز شاهڕوخ )رای‌ وایه‌: (( كه‌ حه‌یران له‌ ناوچه‌ی‌ قه‌راج و كه‌ندیناوه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ و گه‌یشتۆته‌ كوردستانی‌ ئێران )). ( غه‌فوور مه‌خمووری‌ ) پێی‌ وایه‌: (( كه‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حه‌یران ده‌شتی‌ هه‌ولێر و قه‌راج و كه‌ندیناوه‌ و مه‌خمووره‌ )).
 ( حه‌سه‌ن سیساوه‌یی‌ ) كه‌ به‌ شێخی‌ حه‌یرانبێژانی‌ كورد ناسراوه‌، له‌مه‌ڕ ئه‌م رایه‌ كه‌ حه‌یران له‌ ناوچه‌ی‌ موكریانه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌ڵێ‌: ( هه‌موو كه‌سێ‌ له‌ ده‌نگ و هه‌وای‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێره‌وه‌ فێره‌ حه‌یران بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵتان بكرێته‌وه‌ حه‌یرانی‌ من هه‌م هی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێره‌وه‌  هه‌م هی‌ چیایه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: خۆ هه‌موو كه‌س وه‌ك یه‌ك نابێ‌، ئه‌گه‌ر حه‌یرانبێژ حه‌یران بڵێ‌، خه‌ڵكی‌ كوێ‌ بێت به‌ هه‌وای‌ مه‌ڵبه‌ند و ناوچه‌ی‌ خۆی‌ بیڵێ‌ خۆشتره‌)). ( ئه‌سعه‌د عه‌دۆ )ش رای‌ وایه‌ كه‌: ( ئه‌م گۆرانیه‌ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر و به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ی‌ ( خۆشناوه‌تی‌ ) هه‌روه‌ها بناری‌ ( هه‌یبه‌ت سوڵتان ) له‌ كۆیه‌ و له‌سه‌ر سه‌رلووتكه‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ ( قه‌ندیل ) ه‌وه‌ خۆی‌ گه‌یاندۆته‌ ناوچه‌ی‌ ( موكریان ) و ده‌ور و پشتی‌ ( بۆكان ) و خولی‌ خواردۆته‌وه‌ و له‌وێوه‌ به‌ره‌و ( مه‌نگوڕایه‌تی‌ ) و ( خانێ‌ ) و ( سه‌رده‌شت ) و ( قه‌ڵادزێ‌ ) و ( پشده‌ر)
 و هه‌روه‌ها له‌وێوه‌ به‌ره‌و ( حاجی‌ ئۆمه‌ران ) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و ده‌نگی‌ زڵاڵی‌ بردۆته‌ نێو ئه‌شكه‌وت و گوێچگه‌ی‌ ئه‌و خانمه‌ شۆخانه‌ی‌ سه‌ركانی و كانیاوه‌ ئاواته‌كانی‌ ( زێنوێ‌ ) و ( ده‌ربه‌ندی‌ رایات ) و له‌وێش به‌سه‌ر لووتكه‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ ( هه‌ندرێن ) و ( زۆزك )ه‌وه‌ به‌ره‌و ( داری‌ شه‌كرانێ‌ ) و ناوچه‌ی‌ ( به‌ڕانایه‌تی‌ )  و ( شه‌مامك ) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كانگا و مه‌ڵبه‌ندی‌ خۆی‌ و له‌ باوه‌شی‌  ( قه‌راج ) و له‌ ( بێژنگ به‌سه‌ر )ی‌ په‌ڕوباڵی‌ گڤ كردۆته‌وه‌.
 
گۆرانی‌ بێژانی‌ حه‌یران ( حه‌یرانبێژان ):

 
حه‌مه‌د حه‌یران ـ حه‌مه‌دی‌ به‌یتان ـ عومه‌ر گاوه‌ره‌یی‌ ـ حه‌مه‌د به‌گی‌ ـ خدر گردگراوی‌ ـ سه‌عید باداوه‌یی‌ ـ محه‌ممه‌د گۆران ـ نادرسیان ـ خدر خه‌رابه‌دراوی‌ ـ ره‌سووڵ بێزار گه‌ردی‌ ـ حه‌سه‌ن حه‌یران ـ جه‌میل عه‌لیلوه‌یی‌ ت عه‌لی‌ كه‌ردار و عاره‌ب عوسمان و...
 
جوغرافیای‌ شێوه‌ی‌ گۆرانیی‌ حه‌یران:
 
هه‌ولێر، كه‌ندیناوه‌، شه‌مامك، خۆشناوه‌تی‌، قه‌رچۆغ، بێژنگ به‌سه‌ر، زوور گه‌زراو، رایات، ده‌شتی‌ دزه‌یی‌، پشده‌ر، هه‌یبه‌ت سوڵتان، زینوێ‌ شێخان، ره‌واندوز، هه‌ندرێن، زۆزك، سه‌فین، گه‌لی‌ عه‌لی‌ به‌گ، داری‌ شه‌كران، موكریان و بۆكان و زۆر شوێنی‌ دیكه‌.
 
سه‌رده‌می‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حه‌یران:

 سه‌رده‌می‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ حه‌یران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی‌ ده‌ره‌به‌گایه‌تی‌. دوایی‌ گه‌شه‌ی‌ سه‌ندووه‌ و بایه‌خی‌ پێدراوه‌ و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا به‌ ته‌واوی‌ گه‌یشتۆته‌ چڵه‌پۆپه‌. چه‌ند وشه‌یه‌كی‌ ( ئه‌حمه‌د حه‌یران ) هه‌یه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ پێناسه‌ی‌ حه‌یراندا ده‌ڵێ‌: (( وێنه‌یه‌كی‌ فۆتۆگرافی‌ ئه‌م شێوه‌ ژیان و به‌ند و باوه‌ی‌ كێشاوه‌ كه‌ له‌ رۆژگاری‌ خۆیا باو بووه‌ و به‌تایبه‌تی‌ رۆژگاری‌ ده‌ره‌به‌گایه‌تی‌ و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی‌ ناو دیوان و دیواخان)). هه‌روه‌ها حه‌یران له‌ دیواخانی‌ ئاغاكاندا بایه‌خی‌ پێدراوه‌ و حه‌یرانبێژان تێیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و حه‌یرانیان چڕیوه‌.
 ئه‌وه‌ی‌ شیایانی‌ باسه‌ و ده‌بێ‌ ئاماژه‌ی‌ پێ‌ بكرێ‌ ئه‌وه‌یه‌: له‌ مۆسیقا و گۆرانیی‌ تاكه‌كه‌سیدا ئه‌م گیانه‌ خرۆشان و هه‌ڵچوون و حیماسه‌ته‌، به‌ گوێره‌ی‌ جیاوازیی‌ ناوچه‌كان، ئاڵۆگۆڕیان به‌سه‌ردا دێت و به‌پێی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ تۆپۆگرافی‌ ( به‌رزی‌ و نزمی‌ و شاوی‌ بوون)ی‌ ناوچه‌كان جیاوازیی‌ ئاشكرا هه‌ست پێده‌كرێ‌، كه‌واته‌ ناوچه‌ زۆزان و سه‌خته‌كان پله‌ی‌ ده‌نگ و ریتمی‌ مۆسیقا و گۆرانییان، توند و گورجه‌ و هه‌تا به‌ره‌و ئاران و پێده‌شت و هه‌رده‌ و هه‌ڵه‌تی‌ باشووریش شوڕتر بینه‌وه‌، ریتمی‌ مۆسیقا و گۆرانییه‌كان هێمن و خاو و ئارامتر ئه‌بنه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر له‌ جوغرافیای‌ لاوك و لاوژه‌ و حه‌یران و سیاچه‌مانه‌دا كه‌ له‌ هه‌رێمه‌ كوێستان و سه‌خته‌كتندا ریتمی‌ مۆسیقایان گورج و حیماسی‌ بێت، ئه‌وا له‌ پێده‌شته‌كانی‌ گه‌رمیانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركووك و سلێمانی‌ و كرماشاندا مه‌قامی‌ خه‌مین و له‌سه‌ر خۆی‌ وه‌ك ئای‌ ئای‌ و قه‌تار و خاوكه‌ر و هۆره‌ ئه‌بیسین.

 سه‌رچاوه‌كان:
 1 ـ حه‌یران ( چه‌مك، ناوه‌رۆك و سه‌رهه‌ڵدان ) غه‌فوور مه‌خمووری‌، هه‌ولێر 2001، ئاراس.
 2 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ ـ پێشه‌كی بۆ حه‌یران: به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب.
 3 ـ مه‌قامه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ كورد، رزگار خۆشناو، گۆڤاری‌ رۆشنبیریی‌ نوێ‌، ژماره‌ی‌ 81.
 4 ـ مێژووی‌ مۆسیقای‌ كوردی‌، محه‌ممه‌د حه‌مه‌باقی‌، شهر كرد، 1375.
 5 ـ گۆڤاری‌ رامان، ژماره‌كانی‌ 63 و 64.
 6 ـ گوێگرتن له‌ كاسێت و وتوێژه‌كانی‌ هه‌ونه‌رمه‌ندی‌ كۆچكردوو قاله‌مه‌ڕه‌.       
 

 یه حیا سه مه ی‌

[ دوشنبه 1389/06/08 ] [ ] [ شه‌ریف فه‌لاح ]
.: Weblog Themes By themzha :.

له‌باره‌ی ئه‌م وێبلاگه‌وه‌

له‌ ده‌لاقه‌ی‌ كه‌سكی‌ شێعر و له‌ رۆچنه‌ی‌ په‌خشان و له‌ پێده‌شتی‌ چیرۆك و رۆمانی‌ كوردییه‌وه‌ به‌ره‌و ئاقاری‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و زمان و كولتووری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد نیگام بۆته‌ باڵنده‌ی‌ سركی‌ خه‌یاڵ و به‌ شاڕێگه‌ی‌ ئاواته‌كانما به‌ره‌و ئاسۆی‌ زه‌رده‌په‌ڕ ئه‌سپی‌ پێنووس ده‌ئاژۆم.
ئامانجی‌ سه‌ره‌كیم حزمه‌ت به‌ زمان و ئه‌ده‌ب و نوێتركردنه‌وه‌ی‌ ده‌قی‌ كوردییه‌.
ئیمکاناتی وێبلاگ